شاندێكی یۆنامی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مان ده‌كات

14/03/2019 12:39:00 م
له‌دیداری نێوان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی یۆنامی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و یۆنامی كرایه‌وه‌. 
نێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه‌ 14/3/2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی یۆنامی كه‌ پێكهاتبوو له‌ له‌وره‌نس لیۆ، ئه‌فسه‌ری باڵای كاروباری سیاسیی یۆنامی له‌ به‌غدا و مونیارادزی مۆتسی، به‌رپرسی نوسینگه‌ی یۆنامی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌دیدارێكدا له‌وره‌نس لیۆ، ئه‌فسه‌ری باڵای كاروباری سیاسیی یۆنامی له‌ به‌غدا، وێڕای پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان، به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌ك له‌ كاروباره‌كانی یۆنامیی له‌ عێراق و هه‌نگاوه‌كانی نوسینه‌وه‌ی ڕاپۆرتیك له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستانى بۆ سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان باسكرد.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا شانده‌كه‌ی یۆنامی له‌ عێراق رایانگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و تیمه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوووه‌كانه‌ له‌ عێراق، هه‌روه‌ها نیگه‌رانیی خۆشیان ده‌ربڕی له‌ دواكه‌وتنی پێكهینانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هیوایان خواست لایه‌نه‌یه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكهینانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هاوكارو پشتیوانی هه‌موو جۆره‌ لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقى".
لای خۆشیه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دوای به‌خێرهێنانی شاندی یۆنامی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌كارو چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان و رۆلی له‌ ده‌ركردنی یاسا و هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ پێكهێنانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان كرد بۆئه‌وه‌ی لیژنه‌كان به‌زووترین كات ده‌ستبه‌كارى خۆیان بكه‌ن  بۆ خزمه‌تكردنی زیاترى خه‌ڵكی كوردستان.
هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بۆ چه‌سپاندنی زیاترى بنه‌ماكانی دیموكراسی بكه‌ین.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد و رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ گه‌ڵ په‌رله‌مانی عێراق و حكومه‌تی عێراقى زۆرباشه‌و ئیجابییه‌و ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌وپێشتر بچن له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا"، هه‌روه‌ها داوای له‌ شاندی یۆنامی كرد فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بڕگه‌و ماده‌كانی ده‌ستووری عێراق.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دووپاتی به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان له‌ پێكهینانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان و چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ باشتر خزمه‌تگه‌یاندن به‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی باشتری یاسا به‌ركاره‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌یان یاخود پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاساى تر كه‌ بتوانێت خزمه‌تی زیاتر به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكى كوردستان بكات. 
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و به‌ده‌وامبوونی كرده‌وه‌.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان