ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 17/3/2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له نوسینگه‌ی خۆی له ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له پاولۆ براگاگنا، سه‌رۆكی رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ كاروباری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و شاندی یاوه‌ری، كه باره‌گاكه‌یان له هه‌رێمی لۆوه‌ر ساكسۆنى وڵاتی ئه‌ڵمانیا-یه.
له‌دیدارێكدا پاولۆ براگاگنا، سه‌رۆكی رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ كاروباری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، وێڕای پیرۆزباییكردن له جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له پۆسته‌كه‌ی، پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به كاروباره‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئه‌ڵمانیای له رابردوو و له ئێستادا باسكرد.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا شاندی میوان سوپاس و ستایشی خۆیانیان پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان كرد له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش و رایانگه‌یاند: "هه‌موو جیهان قه‌رزاری هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه، ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پێشی له هێرشه فراوانه‌كانی داعش نه‌گرتبا، له ئێستادا جیهان له‌مه‌ترسیدا ده‌بوو لهكردهوه تیرۆریستییه‌كانیان، بۆیه هیواخوازین هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كان به‌رده‌وامییان هه‌بێت و هه‌وڵه‌كان چڕتر بكرێنه‌وه بۆ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا بۆ چۆنیه‌تیی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر".
له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا پاولۆ براگاگنا، سه‌رۆكی رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ كاروباری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئاماژه‌ی بهئامادهكاری بۆ كۆنفڕانسێك كرد له وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌رباره‌ی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به به‌شداریی كه‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زایانی سه‌ربازی و ئه‌كادیمی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بانگیهَشتی فه‌رمیی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ به‌شداربوون له‌و كۆنفڕانسه كه بڕیاره له مانگی 10ی ئه‌مساڵ له ئه‌ڵمانیا بهڕِێوهبچێت.
لای خۆیه‌وه هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دوای به‌خێرهێنانی شاندی میوان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی له مێژینه‌ی نێوان گه‌لى كورد و حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان و گه‌ل و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا كرده‌وه و رایگه‌یاند: "سوپاسى گه‌ل و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییانه‌ی كه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كردوویانه له رووی مه‌شقپێكردن و هاوكاریی سه‌ربازیییه‌وه كه رۆلی سه‌ره‌كی و كاریگه‌رییان هه‌بووه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به كار‌و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستانى باسكرد و رایگه‌یاند: "هیوادارین ئه‌و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییانه به‌رده‌وامییان هه‌بێت، هه‌روه‌ها به حوكمى ئه‌و ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ى كارى په‌رله‌مانی له وڵاتی ئه‌ڵمانیا، هه‌وڵ بدرێت بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاى فیدڕال به‌تایبه‌ت بۆ سوود وه‌رگرتن له كارى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان".
رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ كاروباری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ڕێکخراوێکی خۆبه‌خشه کەپشتگیریی نەتهوەیەکگرتووەکان و پێکهێنانی ئاسۆی جیهانێکی دادپەروەرو ئاشتیخواز دەکات.