جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی كرد

14/04/2019 01:26:00 م
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/4/2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی كرد.
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ قوتابیانی وڵاته‌كه‌م له‌ته‌لاری په‌رله‌مان كۆده‌بمه‌وه‌و په‌رله‌مان موڵكی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه‌، هیوادارم قوتابیان زیاتر گرنگی به‌خوێندن و خوێندنه‌وه‌ بده‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى زیاتری ئاستی رۆشنبیریی خۆیان و له‌ بوارى خوێندنیشدا پله‌ى به‌رز به‌ده‌ستبێنن بۆئه‌وه‌ى له‌ دوا رۆژدا كادری به‌تواناو پسپۆِرییان لێ ده‌ربچێت و خزمه‌ت به‌گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن"،  داواشی له‌ قوتابیان كرد به‌بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری رووداوه‌ نێوده‌وڵه‌تیيه‌كان و ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان وڵاتان له‌رووی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ بكه‌ن تاكو ببنه‌ شیكارێكی به‌هێزی نیو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان.
 
 
 
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، رۆل و هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌واوی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ده‌ركردنی یاساو چاودێركرن و به‌دواداچوون بۆ داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی یاساكان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "له‌خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كارده‌كه‌ین  بۆ شه‌فافبوونی كاری په‌رله‌مانی هه‌روه‌ها  ده‌رچوواندنی  یاساو هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان هه‌یه‌و له‌ئێستادا كاری له‌پێشینه‌مان دوای پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیرو ته‌واوكردنی قوناغه‌كانی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه‌". 
 
 
 
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، داواى له‌ مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی كرد هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك یاخود هه‌ر داخوازییه‌ك كه‌ مامۆستایان و قوتابیان هه‌یان بێت.
لای خۆیانه‌وه‌ مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانى، خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی به‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان و ستایشی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد بۆ شیكردنه‌وه‌ی كۆی پرۆسه‌ی سیاسی و یاسایی له‌نێو په‌رله‌مانی كوردستان و داواشیانكرد له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا كار له‌سه‌ر به‌هێزی و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی زانستیی زانكۆیه‌كان بكرێت.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>